ڤیدیۆ: لە یارییەکی کۆمپیوتەریدا شەڕی ئەمریکا و ئێران لە کوردستان دەستپێدەکات

نوسراوە لە لایەن پێشەوا علی پور. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

ڤیدیۆ: لە یارییەکی کۆمپیوتەریدا شەڕی ئەمریکا و ئێران لە کوردستان دەستپێدەکات

یاری لیستی رەش یەکێکە لە کۆی یارییەکانی سپلینتێر سێل، کە ساڵی ٢٠١٢ لە کۆنفڕانسی مایکرۆسافت لە بەشی پێشانگای یارییەکان نمایش کرا و ئیزنی دەرچونی پێدرا. ئەم یارییە کۆمپیوتەرییە نوێیە، کە لە ئێران قاچاغە، بەهاری ٢٠١٣ بەفەرمی دێتە ناو بازاڕ.

ئەم یارییە لە سنووری ئێران و ئێراقدایە ( کوردستان ) و داستانەکەی ئەوەیە کە ئێران لە رێگای تێرۆریست و هەندێک دژبەری ئەمریکا لە ئێراق دەیانەوێ ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربکەن، وە ئەمریکاش بۆ بەرەنگار بونەوەیان لە رێگای کۆماندۆیەکی سیخوڕ بە ناوی فیشەر، سەرکردەی تاقمە تێرۆریستییەکان ئاشکرا و دەیانکوژێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هێزەکانی ئێران بە فارسی قسە دەکەن و یەکێک لە شەڕەکان لە میراوەی سەردەشتە و گوندەکانی کوردستانیش زۆر سروشتی و خۆماڵیانە دروست کراونەوە. هەروەها لەم یارییەدا ئاڵای کوردستان دەبینرێت، وە ئەوەی جیی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ئاڵای کوردستان لە مەقەڕەکانی سپای پاسدارانی ئێران هەڵدراوە. تا بڵاو بونەوەی فەرمی ئەم یارییە لە بازاڕدا روون نییە کە هۆکاری ئەم کارە چییە!؟

ئەم یارییە گرافیکی زۆر باشە و بەرهەم هێنەرانی ئەم یارییە بەتەمان ساڵی ٢٠١٣ بە فەرمی بۆ سیستمەکانی (X360 , PS3 , PC) لە بازاڕدا بڵاوی بکەنەوە.

شایانی باسە ئەمە یەکەمین یاریی نییە کە لەدژی ئێران بەرهەم دێت و ماوەیەک لەمەوبەر یاریەک بە ناوی مەیدانی جەنگی ٣ (Battlefield 3) بڵاوبۆوە، کە لەوێدا هێزەکانی ئەمریکا هێرش دەکەنە سەر تاران. هەروەها لە یارییەکی دیکەشدا بە ناوی (Call of Duty 4)، کە شەڕی ئەمریکا و ئێراقە و باس لە گرتنی ئێراق بەدەستی هێزەکانی ئامریکا دەکات. لە قۆناغی یەک دا لە شەڕێکدا کە لە کەنداوی خوارووی ئێرانە هێزەکانی ئامریکا هێرش دەکەنە سەر کەشتیەکی ئێراقی و کاتێ زانیاریەکانی هێزەکانی عێراق هەڵدەگرن لە ناو کەشتیەکەدا بە عەرەبی نوسراوە خەلیجی عەرەبی، کە ئێرانی توڕە کردبوو.

بەم جۆرە شەڕی راگەیاندن و دەرونی لە دژی ئێران بە دروست کردنی ئەم یاریانە و کۆمەڵێک فیلمی هۆلیوود، کەوتۆتە قۆناغێکی نوێوە.

مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢