چۆن و بۆچی لە خەڵك خۆش بین؟

نوسراوە لە لایەن رەسووڵ سوڵتانی. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

چۆن و بۆچی لە خەڵك خۆش بین

كاتێ دڵتان لە یەكێك دێشێت و لێی عاجز دەبن، ئەگەر بتانەوێ زیانێكی پێ بگەیەنن و زەبرێكی لێ بوەشێنن، لە راستیدا زیانتان بەخۆتان گەیاندووە. لە كاتی دڵ ئێشاندا كە تووڕە دەبن و قسەتان ناخۆش و زمانتان زبر دەبێ، مێشك راناوەستێ و هۆرمۆنەكانی كۆرتیزۆل و ئادرنالین دروست دەكات و لەوانەیە زیان بە تەندروستیی جەست و دەروونتان بگەیەنێت.

كە لەیەكێك بێزار دەبن، بەشێك لە هەستی جۆشوخرۆش و كەفوكوڵ و چێژ و رووگەشیتان لە دەست دەدەن و تووڕەیی و خەم و دڵەڕاوكێ جێی ئەوان دەگرنەوە و مێشكتان داگیر دەكەن. وەك ئەوەی دیوارێكت بەدەوری خۆتدا كێشابێ، ژیانت پڕ دەكەیت لە ئازار و كێشە و گرفت.

هەر كاتێك لە یەكێك تووڕە و بێزار دەبن، ئەو ناخۆشییە بەر لە هەمووان بەخۆتان دەبڕێ و بەخۆتان دەگات. ئەو كاتەش خەڵكتان خۆش دەوێ و خۆشەویستیتان دەردەبڕن، بەر لە هەمووان دڵی خۆتان خۆش دەكەن.

كە دڵتان لە یەكێك دێشێ، بیر لەوە بكەنەوە وازهێنان لەو باسە و لەبیركردنی زویربوونەكەت، سوودی هەر بۆ بەرامبەرەكەت نییە، لە راستیدا خۆت یەكەم كەسی سوودی لێ دەبینی.

چۆن لەوانیتر ببوورین و لە زویربوون خۆ ببوێرین؟

١. قەبووڵی بكەن كە دڵتان ئێشاوە و زویر بوون. هەقیش بەخۆتان بدەن دڵتان بێشێ، ئەویش هەر لەبەر ئەوەی ئێوە مرۆڤن.
٢. لەخۆتان بكۆڵنەوە بزانن بۆچی زویر بوون و زویربوون و دڵ ئێشتانەكەتان چەندەیە؟
٣. بە زمانێكی لێبڕاوانە (بەڵام رێزدارانە و بە حورمەتەوە) بەو كەسەی لێی زویر بوون بڵێن كە دڵتان لێی ئێشاوە.
٤. بیر لەوەش بكەنەوە، كە ئەوەی دڵتان لێی ئێشاوە، لەوانەیە كێشەیەكی دەروونی یان خەم و گرفتێكی هەبێت.
٥. لەوانەیە بەرامبەرەكەت تۆی باش نەناسیبێت هەر بۆیەش بەبێ ئەوەی ئاگای لێ بێت، هەڵسوكەوتەكەی دڵی تۆی ئیشاندبێت و دڵگرانی كردبێیت.
٦. بیر لەوەش بكەنەوە، ئەگەر بەرامبەرەكەت ژیرتر و تێگەیشتووتر بوایە، لەوانەبوو جۆرێكی دیكە بجووڵێتەوە، بەڵام دیارە ئەو زاناتر و چاوكراوەتر نییە.
٧. وەبیر خۆتی بێنەوە، كە وەها كەسێك بەهۆی سنوورداربوونی تواناكانی خۆیەوە، ئازار دەچێژێت، دوای ئەوە لەخۆتان بپرسن، ئاخۆ دەكرێ هەر لەبەر ئەوەی ئەو ژیرتر و تێگەیشتووتر نییە، لێی خۆش بن؟
٨. لەبیریشتان بێت، سوودی لێبوردن بۆخۆتان دەگەڕێتەوە نەك بۆ بەرامبەرەكەتان. لێبوردن هەڵبژاردنێكە بۆ هێوری و هێمنی لە ژیاندا. كەواتە بە سوودی خۆتە دڵ ئێشاوییەكەت وەلاوە بنێی، بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان وەرگری.

ئامادەکردنی: رەسووڵ سوڵتانی


مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢