چۆن فەیسبوکەکەت لە هاک دەپارێزی؟

نوسراوە لە لایەن سەپان. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

چۆن فەیسبوکەکەت لە هاک دەپارێزی؟

پێش ئەوەی کارەساتەکە روبدات، زۆر باشترە بەخۆ کەوی و هەوڵی خۆپاراستن بدەی. زۆرێک لەو ئەژمارانەی (ئەکاونتانەی) کە هاک کراون هۆکارەکی لەوانەیە هەلەیەکی زۆر چکۆڵە بوبێ. ئەم خالانەی خوارەوە بەهەند وەربگرە تا پارێزراو بی.

پێش ئەوەی کلیک بکەی بیر بکەوە

هەرگیز کلیک لەسەر لینکی گوماناوی مەکە. بەتایبەت ئەوانەی کە بانگەشەی شتی گەورە یان هەندێک جار بێ مانا دەکەن. لەوانە: "کلیک بکە بۆ ئەوەی بزانی کێ تەماشای پرۆفایلەکەت دەکا..."، "بە کامێرای نهێنی وێنەی فلان کەس گیراوە، کلیک بکە بۆ بینی...". یان بەشێکی تر لەو لینکانە لەوانەیە لە کاتی چات کردن لەگەل برادەرێک بۆت بنێردرێ. تاکو دلنیا نەبی لە لینکەکە هیچ کات متمانەی پێ مەکە بەتایبەت ئەو لینکانەی کە بەهۆیەوە فایلێک داونلۆد دەبێ لە جۆری (exe.) یان هەر جۆرێکی تر.

تێپەرەوشەیەکی (password) بەهێز هەڵبژێرە

(٠٧٥٠٠٠٠٠٠٠)، (٩٨٧٦٥٤٣٢١). پێکەنیناوییە، بەلام زۆرێک لەو کەسە سەرەتاییانە ژمارەی مۆبایلی خۆیان یان کەسێکی نزیکیان کردۆتە وشەی نهێنی، یان زۆر جار ناوی خۆی لەگەل یەک دو ژمارەدا. هەر کەسێک بیەوێ دەتوانێ بەدیار تەماشای یاری بەرشە و ریال یەک دوجار هەول لەگەل وشەی نهێنییەکەت بدات و بیشکێنێ. ئەو کات ئەوکەسە ناو لەخۆی دەنێ هاکەر و تۆش، بتەوێ یان نەتەوێ، دەبییە هاک کراو. بۆیە زۆر وریا بە لانی کەم تێپەرەوشەکەت با پێک هاتبێ لە ٨ تا ١٢ وشەی تێکەڵ لە ژمارە، هێماکان، پیتی گەورە و بچوک.

هەموکات لە پەرەی سەرەکی فەیسبوکەوە بچۆ ژورێ

شێوازێکی باوی هاک ئەوەیە کە هاکەر هەڵدەستێ بەدروستکردنی لاپەرەیەک هاوشێوەی فەیسبوک. وە داوا لەتۆ دەکات کە دوبارە ئیمەیل و وشەی نهێنی خۆت بنوسی، بۆ نمونە بۆ ئەوەی کە بتوانی وێنەی گەنجێک ببینی چۆن خۆی دەگوژێ. یان شتی قۆری هاوشێوەی ئەوە. نەکەی! فەیسبوک شتی وا لەتۆ داوا ناکات. تەنها لەهەندێک کاتی دیاری کراوی وەک گۆرینی وشەی نهێنی، کرینی ریکلام، دەسکاری کردنی پەیجەکەت و چەند حالەتێکی کە. بۆ دڵنیایی خۆت هەمو کات تەماشای ناونیشانەکەی سەرەو بکە. لە وێبگەڕی کرۆمدا کاتیک کلیک لەسەر قفلەکەی تەنیشت ناونیشانەکە دەکەی پێت کە ئاخۆ ناسنامەی سایتەکە پەسەندکراوە یان نا.

چۆن فەیسبوکەکەت لە هاک دەپارێزی؟

وەک دەبینی لەوێنەکەدا وێبگەڕی کرۆم پێمان دەڵێ کە ناسنامەی سایتەکە دروست و پەسەندکراوە (Identity verified)

ئیمەیل و وشەی نهێنی خۆت بەکەس مەدە

هەندێک جار لەوانەیە هەندێک کەس یان پەیج داوای ئیمەیل و وشەی نهێنی فەیسبوکەکەت بکەن بە بیانوی ئەوەی کە، بۆ نمونە، چیپی پۆکەرت بۆ بنێرن. بڵێ سوپاس بۆ چاکەو پیاوەتیت، ئەو مەکر و فێڵە زۆر کۆنە.

وێبگەرەکەت (براوزەر) نوێ بکەوە

زۆربەی وێبگەرە بەناوبانگەکان لەکاتی هەبونی هەر کەلێنێک لە ویبگەرەکەیاندا بەزوترین کات ڤێرژنێکی نوێ دەردەکەن بۆ چارەسەری کێشەکەیان. وە هەندێک لەو وێبگەرانە، وەک گوگڵ کرۆم، لەکاتی کردنەوەی هەر سایتێکی گوماناوی هۆشداریت پێ دەدەن.

بۆیە زۆر گرنگە کە دواین ڤێرژنی وێبگەڕەکان لە سایتی فەرمی خۆیانەوە داگری. دەتوانی وێبگەڕی گوگڵ کرۆم یا فایەرفۆکس لەم لینکانەی خوارەوە داگری:

Adobe Illustrator Firefox

دژەڤایرسێکی گونجاو دابەزێنە

بۆ خۆ پاراستن لە هەمو جۆرەکانی ڤایرۆس، دەبێ پشت بە دژە ڤایرۆسێکی (antivirus) گونجاو ببەستی بەشێوەیەک بتوانی زوو زوو نوێی کەیەوە (update).

ئەمانەی کە باسمان کرد لەسەرەوە کۆمەڵێک ڕێنمایی گشتین کە فەیسبوک ئامۆژگاری بەکارهێنەرانی پێ دەکات. تاکە کێشە ئەوەیە کە هەمو کات هاک لە پێش سیکیورەتیەوە دەڕوا. وە هەمو ڕێگەکانی بەرگری کردن لە ئەنجامی ئەوەوە دروست بووە کە بەهۆی ئەو کەلێنەوە چەندان کەس بوونە قوربانی و دواتر چارەسەر کراوە ئەگەر هەستی پێ کرابێ! بەو هیوایەی هیچ کام لە ئێوە نەبنە قوربانی.


مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢