١٠ خاڵ بۆ زیادکردنی باوەڕبەخۆبوون

نوسراوە لە لایەن رەسووڵ سوڵتانی. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

١٠ خاڵ بۆ زیادکردنی باوەڕبەخۆبوون

باوەڕبەخۆبوون یان متمانەبەخۆیی هەر لە سەرەتای لەدایكبوونەوە لە زەینی هەموو ئینسانێكدا بناغەی دادەنرێت و كۆڵەكەكەی دەچەقێنرێت. ئەو هۆكارە، زگماكی نییە بەڵكو بە وەرگرتن و بەدەستهێنان، مسۆگەر دەبێت و لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا بەربڵاوتر و قووڵتر دەبێتەوە. بە داخەوە لە زۆربەی بنەماڵە كۆنەكاندا، واتە ئەوانەی بەپێی نەریتە باوەكان راهاتوون، بەگوێبوون و ملكەچبوونی منداڵەكانیان بەلاوە لە هەموو شتێك گرنگتر بێ، زۆربەیان بە دانانی كۆمەڵێك بەربەست و لەمپەری كێشەخوڵقێن، پێش بە گەشەكردنی متمانەبەخۆیی منداڵەكانیان دەگرن. هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە گەورەش بوون، بڕوایان بەخۆیان نەبێ و پشت بەخۆیان نەبەستن.

روون و ئاشكرایە مرۆڤ بوونەوەرێكە دەگۆڕدرێ و بەرەو كامڵبوون دەچێ. بۆیە كە گەورەش بوو، بە یارمەتیی دەروونزانەكان و پزیشكەكانی ئەو بوارە، دیسان دەتوانێ ئەم كەمایەسییەی قەرەبوو بكاتەوە و تەواو پشت بەخۆی ببەستێ. متمانەبەخۆبوون، شتێكە دەتوانیت بیگۆڕیت، یانی دەتوانیت زۆری بكەیت یان كەمی بكەیتەوە. هەر شتێكی بكرێ یارمەتیدەری تواناكانی ئێمە بێ و باوەڕبەخۆبوونمان بەهێز بكات، بەتایبەتی وامان لێ بكات هەست بكەین لە بوارە جیاجیاكانی ژیاندا بەتوانا و لێهاتووین، ئەوە دەبێتە هۆی متمانەبەخۆیی و باوەڕبەخۆبوونمان. بەپێچەوانەوە، هەر بابەتێكی ئێمە لە بواری جەستە و هزرەوە لاواز بكات یان تەنانەت پێگەی ئابووری و كۆمەڵایەتیمان لاواز بكات، ئەوە متمانەبەخۆبوونیشمان كەم دەكاتەوە.

متمانەبەخۆبوونی راستەقینە، سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە بە باشی و لە هەموو بوارێكەوە بەقووڵی خۆمان و ژینگە و دەوروبەرمان بناسین و ئەو ناسینەش چەندی زیاتر بێ، كاریگەریی باشەی لەسەر متمانەبەخۆبوونی راستەقینەمان پتر دەبێ. زۆر شێوازی جۆراوجۆر هەن بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر پشت بەخۆمان ببەستین. پسپۆڕانی دەروون و دەمار، ئەم خاڵانەیان پێنشیار كردووە:

١. خۆناسینێكی قووڵ، لە پێناوی ناسینی توانا مەزن و نهێنییەكانی خۆماندا. ئەوەیان یەكێكە لە رێگە هەرە بنەڕەتییەكانی بەهێزكردنی هەستی متمانەبەخۆیی.

٢. دەبێ خاڵ و لایەنە لاوازەكانیشمان بناسین بۆ ئەوەی قۆڵ هەڵماڵین بۆ بەهێزكردنیان. ئەگەر ئەوەش مەحاڵ بێ، دەبێ خۆمانیان لەگەڵ بگونجێنین یان لە رێگەیەكی دیكەوە قەرەبوویان بكەینەوە. بۆ وێنە ئەگەر بە زگماكی كەمایەسی و نقوستانییەكی جەستەییمان هەیە، لە رێگەی بەهێزكردنی توانا كردەیی(پراكتیكی) یان هونەرییەكانمانەوە ئەو دیاردەیە قەرەبوو بكەینەوە.

٣. ناسینی ئەوانی دیكە(خەڵكی دەوروبەرمان)، بە تایبەتی ئاشناكانمان و كەلكوەرگرتن لە تواناییەكانی ئەوان بەشێوەی ئەرێنی. ئەوەش سوودی بۆمان دەبێ.

٤. ژینگەكەشمان بەباشی بناسین. بۆ ئەوەی لە پێناوی گەشە و پێشكەوتنەكانماندا باشتر سوودی لێ وەرگرین.

٥. تواناكانی خۆمان بناسین و بۆ گەشەپێدان و بەهێزتركردنیان هەنگاو بنێین و دواجار لە پێناوی باشتركردنی ژیاندا سوودیان لێ وەرگرین.

٦. سوود لە پەرجۆ(موعجیزە) و هیواداربوونی راستەقینە وەرگرین و هەرگیز خۆمان نەدەین بەدەست بێهیواییەوە، چونكە بێهوایی و هیوابڕاوی دوژمنی بەختەوەری و سەركەوتنەكانی ئێمەیە. لە لایەكی دیكەشەوە متمانە بەخۆبوونمان لاواز دەكات.

٧. ئیمان و باوەڕمان بە توانا راستەقینەكانی خۆمان هەبێ و لە ئاكامدا لە خۆبەكەمزانین و خۆ بەكەمگرتن دوور بكەوینەوە.

٨. خۆ ببوێرین لەوەی خۆمان لەگەڵ خەڵكی دیكەدا بەراورد بكەین و خۆمان تەنیا لەگەڵ رابردووماندا بەراورد بكەین، ئەگەر بەرەو پاش گەڕاوینەتەوە یان لەجێی خۆمان چەقیوین، هەوڵ بدەین چارەسەری بكەین و بەردەوام حەزمان لێ بێ بەرەو پێشەوە و بەرەو گەشەكردن هەنگاو بنێین.

٩. پشت بە تواناكانی خۆمان ببەستین و هەتا زۆر زۆر پێویست نەبێ، چاومان لە كەسانی دیكە نەبێ.

١٠. خۆ ببوێرین لەوەی بەردەوام بڵێین شكستمان خواردووە و بەزیوین و ناتوانین. تەنانەت نەكەوینە بەر باری بیركردنەوەی نەرێنیی خەڵكی دیكەشەوە.


ئامادەکردنی: رەسووڵ سوڵتانی


مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢