پێناسەی سەركەوتن

نوسراوە لە لایەن رەسووڵ سوڵتانی. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

پێناسەی سەركەوتن

زۆربەی بیرمەند و زانا و نووسەران هەوڵیان داوە پێناسەیەكی پوخت و تێر و تەسەل لە بارەی سەركەوتنەوە بخەنە روو، پێناسەیەك كە هەمووان بتوانن كەلك و سوودی لێ وەرگرن. بەڵام ئەو هەمووە پێناسەیەی لێی كراوە، بووەتە هۆی ئەوەی هەتا ئێستاش پێناسەیەكی زۆر روون و دروست لەو بابەتە لەبەردەستدا نەبێ. ئەی ئێوە سەركەوتن چۆن پێناسە دەكەن؟

ئاخۆ سەركەوتن بریتییە لە بڕینی پلەكانی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی؟ ئاخۆ دەوڵمەندبوونە؟ بەدەست هێنانی پۆست و پلەوپایەیە؟ هەبوونی هاوسەرێكی بەدڵی خۆت و ژیانێكی هێمن و خۆشی بنەماڵەیی و منداڵی باشە؟ بە گشتی ئاخۆ سەركەوتن ئەوەیە، كە ببینە هونەرمەندێكی خۆشەویست و نووسەرێكی گەورە، یان موزیسیەنێكی بەناوبانگ؟

سەركەوتن بۆیە ئەو هەمووە پێناسەیەی لێ كراوە، چونكە هەر كەسە و بەجۆرێك لێی تێگەیشتووە و لێكی داوەتەوە. زۆر كەس هەبوون، هەر چونكە بە ویست و دڵخوازەكانی خۆیان گەیشتوون و مرازیان حاسڵ بوە، خۆیان بە سەركەوتوو دەزانن. بەڵام ئەو سەركەوتنە لای خەڵكی دیكە هیچ بایەخ و بەهایەكی نییە. كەوابوو سەركەوتن شتێكی رێژەییە و هەرگیز تاقە پێناسەیەك هەڵناگرێ.

ئالفرێد ئاوستن پێی وایە: "هێمنی و دڵنیایی باشترین سەركەوتنە." خاوەن رایان لە بارەی سەركەوتنەوە بۆچوونیان جیاوازە، بەڵام زۆرینەی خەڵك پێیان وایە كەسی سەركەوتوو، ئەو كەسەیە بە ئاواتەكانی بگا و ئارەزووەكانی وەدی بێن و لە ناخی خۆیدا ئاسوودە بێت و قایل بێت بەوەی ئەوە بەرهەمی هەوڵ و تێكۆشانی بەردەوام لە ژیانیدا.

لە كۆتاییدا ئەو رستەیە ئاوا دەبڕینەوە، كە هیچ كەس بە راستی سەركەوتوو نییە، مەگەر ئەوەی بەختەوەر بێت و بەختەوەریش ئەو كەسەیە كە كارێكی بەسوود و پڕ بایەخ بكات. بەو پێیە، قامووسی وێبستەر پێناسەیەكی گونجاوی بۆ سەركەوتن هەیە كە دەڵێت:"گەیشتنێكی رەزامەندانە بە ئامانج" واتە گەیشتن بە ئامانجەكەت، بەدڵی خۆت بێت.


ئامادەکردنی: رەسووڵ سوڵتانی


مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢