ڤایرۆسی کۆمپیوتەری چییە و چۆن ئیش دەکات

نوسراوە لە لایەن سەپان. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

ڤایرۆسی کۆمپیوتەری چییە و چۆن ئیش دەکات

سەیر وەک ناوەکەی، ڤایرۆسی کۆمپیوتەری زادەی سەردەمی زانیاری سەیرو سەمەرەیە. لەلایەکەوە بۆمان دەردەخات ئێمەی مرۆڤ چەند لاوازین بەجۆرێک ڤارۆسێکی پرۆگرامکراو لەوانەیە بتوانێ دامەزراوەیەک تێکبدات یان بە ملیۆنان بگرە بە ملیاران دۆلار زەرەر بدات. لەلایەکی ترەوە ئەوەمان پیشاندەدات کە پەیوەندی مرۆڤەکان چۆن گۆڕاوە و چەندە ئالۆز و پێکەوەبەندە.

بۆ نمونە، کرمە ڤایرۆسی مایدوم (Mydoom worm) تەنها لە ڕۆژێکدا نزیکەی چارەکە ملیۆنێک کۆمپیوتەری توش کرد لە مانگی یەکی ٢٠٠٤ ـدا. بگەڕێینەوە بۆ مانگی ٣ ـی ١٩٩٩، ڤایرۆسی مێلیسا (Melissa virus) ئەوەندە بەهێز بو وای لە مایکرۆسۆفت و کۆمەڵێک کۆمپانیای تری زەبەلاح کرد کە بەتەواوی سیستەمی ئیمەیلەکانیان ڕاگرن تا ئەو کاتەی چارەسەرێک بۆ ڤایرۆسەکە دەدۆزنەوە. نمونەیەکی تر کرمە ڤایرۆسی ستۆرمە (Storm Worm)، شارەزایان لەو بڕوایەدان توشی نزیکەی ٥٠ ملیۆن کۆمپیوتەر بووە لەساڵی ٢٠٠٧ ـدا. ئەوەی جێی سەرسورمانە ئەوەیە کاتێک بۆت دەردەکەوێ کە زۆربەی ڤایرۆسە کۆمپیوتەرییەکان زۆر سادەن.

کاتێک باسی توشبون بە ڤاریرۆس دەکرێ، زۆر جۆرت بەرگوێ دەکەوێ. لەدیارترینیان:

ڤایرۆس (Virus): بریتییە لە پرۆگرامێکی بچوک کە دەنوسێ بە پرۆگرامێکی ترەوە. بۆ نمونە، ڤایرۆسێک لەوانەیە بلکێ بە فایلێکی ئیکسێڵ یان وێردەوە. هەر جارێک کە ئەم فایلە توش بووە دەکرێتەوە، ڤایرۆسەکەش دەکرێتەوە و دەست بە ئیشی خۆی دەکا. ڤایرۆس هەیە لەوانیە بتوانێ دوبارە خۆی کۆپی بکاتەوە (بەهۆی لکانی بە پرۆگرامی ترەوە).

ڤایرۆسی ئیمەیڵ (E-mail virus): ئەم جۆرەیان دەگوازرێتەوە بەهۆی ئیمەیڵەوە وەکو لکێنراو (attachment) لەگەڵ ئیمەیڵ دەنێردرێت، وە زۆربەی جار خۆی کۆپی دەکاتەوە بەشێوەی خودکار (ئۆتۆماتیکی) بەهۆی دوبارە خۆ ناردنەوەی بۆ دەیان کەسی تر، ئەوانەی کە ناونیشانیانی ئیمەیڵەکانیان لە لای کەسی قوربانی (توشبو) هەیە. تەنانەت هەندێک لە ڤایرۆسە ئیمەیڵییەکان بۆ کەوتنە ئیشیان پێویستیان بەوە نییە دەبڵ کلیک بکرێن، تەنها ئەوەندەیان بەسە کاتێک تۆ ئیمەیڵەکە دەکەیەوە لە ناو پەنجەرەی پیشاندان (Preview pane).

ئەسپی ترۆجان (Trojan Horse): ئەگەرچی ناوەکە پێشینەیەکی مێژوویی هەیە لای یۆنانییەکان و دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە ٣٠٠٠ ساڵ، بەڵام ئەم جۆرە ڤایرۆسە ئەمڕۆکە بەهەمان شێوە دەیەوێ خیانەت لە خەڵکی شار بکا و خۆشی شەوی سەرکەوتن بگۆڕێ بە تراژیدیا، کە ئەمجارەیان شارەکە کۆمپیوتەرەکەی تۆیە. ئەم جۆرە ڤایرۆسە بەرنامەیەکە کە لەبنەڕەتدا وا خۆی پیشاندەدا کە بەرنامەیەکی بەسودە (بۆ نمونە لەوانەیە وا خۆی نیشاندا کە یارییەکی کۆمپیوتەرییە) بەڵام کاتێک کە بەئیشی دەخەی زیان لەکۆمپیوتەرەکەت دەدا.

کرم (Worm): بەرنامەیەکی بچوکە بەهۆی ئینتەرنێت یان هەر نێتوێرکێکی تر لەئەنجامی هەبونی کەلێنێک لە سیکیورەتیدا دەتوانێ بڵاو ببێتەوە. کۆپییەکی کرمەکە نێتوێرکەکە دەپشکنێ و دەگەڕێ بەدوای کۆمپیوتەرێکی تر تا بتوانێ خۆی بۆ بگوازێتەوە. لەدوای ئەوەی خۆی دەگەێنێتە کۆمپیوتەرە تازەکە، دوبارە هەمان کار دوبارە دەکاتەوە.

مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢