ئامێرێکی نانۆتێکنەلۆجی سەگە پۆلیسییەکان خانەنشین دەکا

نوسراوە لە لایەن سەپان. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

ئامێرێکی نانۆتێکنەلۆجی سەگە پۆلیسییەکان خانەنشین دەکا

ساڵانێکی زۆرە سەگی مەشق پێکراو، یان با بڵێین سەگی پۆلیسی، وەک باشترین هاوڕێی پۆلیسەکان کاری کردووە لەکاتی گەڕان بەدوای تەقەمەنی یان ماددە بێ هۆشکەرەکاندا. بەڵام توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە "سانتا باربارە" لە ڕاپۆرتێکدا، کە لە گۆڤاری (Analytical Chemistry) بڵاوکرابۆوە، ڕایانگەیاند، نزیکن لەوەی بە مایکرۆچیپێکی سلیکۆنی بە قەبارەی سەری پەنجەیەک، هاورێ کۆنەکەی پۆلیسەکان خانە نشین بکەن.

کارڵ مینهارت، پڕۆفیسۆری ئەندازیاری میکانیک کە سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەکات، گوتی: "هاوشێوەی مرۆڤ، سەگێک لەوانەیە ڕۆژێکی باش یان خراپی بۆ بێتە پێش، ماندو ببێ یان خەیاڵی پەرتەوازە ببێ،". مینهارت زیاتر باسی توێژینەوە دەکات و دەڵێ: "ئێمە ئامێرێکمان داهێناوە کە هەستیارییەکەی هاوشێوە یاخود باشترە لە لوتی سەگ، کە زانیاری دەدات بە کۆمپیوتەر بۆ ئەوەی دەری بخا چ جۆرە گەردیلەیەکی دۆزیوەتەوە".

کاتێک تیمەکە ئامێرەکەیان تاقی کردەوە، بۆیان دەرکەوت هاوشێوەی سەگ، لەتوانای ئامێرەکە دایە گەردیلە بچوکەکانی ٢،٤-دینیترۆتۆلیوین، کە پێکهاتەی سەرەکی تەقەمەنییە، بدۆزێتەوە.

هەروەها بەگوێرەی گوتەی توێژەرانی تیمەکە، بەشێوەی تیۆری، ئەم ئامێرە لەتوانایدا دەبێت پاشماوەی گەردیلەکانی زۆر جۆر ماددە بدۆزێتەوە کە بەهۆیەوە دەتوانرێ ماددە هۆشبەرەکان و تەنانەت نەخۆشیش دەستنیشان بکرێ.


ڤیدیۆ: ئامێرێکی نانۆتێکنەلۆجی لاسایی لوتی سەگ دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی تەقەمەنییەکان.


مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢