چۆن دیفراگمێنتەیشن دەبێتە هۆی خێرابوونی کۆمپیوتەرەکەت

نوسراوە لە لایەن سەپان. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

Disk Defragmenter

لەوانەیە زۆرێک لە ئێمە لە ڕابردوودا پێمان گوترابێ کە زوو زوو کۆمپیوتەرەکەت دیفراگمێنت بکە بۆ ئەوەی کۆمپیوتەرەکەت خێرا تر کار بکا. وە لەوانەیە وامان کردبێ و هەستمان بە خێرابوونی کۆمپیوتەرەکەمان کردبێ. بەلام ئایا قەت بەلاتەوە گرنگ نەبووە بۆجی ئەم کارە دەبێتە هۆی خێرابوونی کۆمپیوتەرەکەت؟ ئەم بابەتە پوختەیەکە لەسەر ناساندن و چۆنییەتی کارکردنی دیسک دیفراگمێنتەیشن.

فراگمێنتەیشن چییە؟

بۆ ئەوەی لەم دەستەواژەیە تێ بگەین دەبێ سەرەتا بزانین چۆن و بە چ میکانزمێک کۆمپیوتەر فایلەکان پاشەکەوت دەکات/دەخوێنێتەوە. هاردی دیسکی کۆمپیوتەر لەچەند بازنەیەک پێک دێت کە پێیان دەگوترێت تراک (Track) وە هەریەک لەم بازنانە دابەش بووە بۆ چەند بەشێک/پارچەیەک کە پێیان دەگوترێت (Sectors) وە هەر یەک لەم بەشانە (Sector) بڕێکی دیاری کراو زانیاری دەتوانێت لە خۆبگرێت، بۆنمونە، ٢٥٦ یان ٥١٢ بایت. وە سەرجەمی ئەم بەش (Sector) و بازنانە (Track) دیسکێکی خر پێک دینن کە پێی دەگوترێ (Platter).

بازنەو بەشەکانی هارد دیسک

جاری وا هەیە بۆ زیاد کردنی قەبارەی هاردەکە زیاد لە یەک دیسک (Platter) بەکاردێت وەک ئەم وێنەیەی خوارەوە کە سێ دیسکی هەیە.

‌hard disk with more that one platter

کاتێک زانیارییەک، بۆ نمونە فایلێک، لەسەر هاردی کۆمپیوتەر پاشەکەوت دەکرێت، سیستەمی وەگەرخەر (Operating System) هەوڵ دەدات لەسەر بەشەکان (Sector) و بازنەکانی (Track) هارد دیسکەکە پاشەکەوتی بکا بەشێوەی یەک لە دوای یەک، واتا کە بەشێک (Sector) پڕ بوو دوای ئەو پاشەکەوتی دەکا لەوەی تەنیشتی. وەکاتێک هاردەکە تازەیە، یان بەتاڵە، پاشەکەوت کردنی زانیارییەکان بە شێوەی یەک لەدوای یەک لەسەر بەشەکان (Sectors) شتێکی ئاسانە بۆ کۆمپیوتەرەکە. بەلام لەگەل بەکارهێنانی هاردەکە و لە ئەنجامی سرینەوە و ئاڵوگۆر کردنی فایلەکەن کۆمەڵێک بۆشایی بەتاڵ دروست دەبن. ئەم بۆشاییان پێیان دەگوترێت (Fragments). دواتر کاتێک بەرنامەیەک دادەبەزێنی یان فایلێکی گەورە پاشەکەوت دەکەی، ئەوا لەسەر سەدان هەزار بۆشایی پەرتەوازە بوو پاشەکەوت دەبێ. وەلەکاتی کردنەوەی بەرنامەکە یان فایلەکە ئەوا دەسکی هاردەکە پێویستە لەم سەر بۆ ئەوسەر بجولێ تا بتوانێ ئەم فایلانە بخوێنێتەوە کە بەسەر روی هاردەکەدا پەرتەوازە بوون وە هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی کۆمپیوتەرەکە.

Hard Disk

تێبینی: دەسکی هارد سەری خوێندنەوە/نوسین (read/write) هەڵگرتووە کە بەرپرسن لە خوێندنەوەی زانیاری و تۆمارکدنی زانیاری لەسەر هاردەکە. وە ئەم دەسکە بە خێراییەکی لە راددە بەدەر لە ناوەڕاستی دیسکەکەوە بۆ قەڕاغی دیسکەکە هاتووچۆ دەکا، بەنزیکەیی لە هاردێکی ئاسایدا دەتوانێ ٥٠ جار بێت و بچێ لە چرکەیەکدا!

دیفراگمێنتەیشن

وەک لەوەو پێش رونمان کردەوە کە لەئەنجامی سرینەوە و ئاڵوگۆری فایلەکاندا کۆمەلێک بۆشای لەسەر رووی هارد درووست دەبێ کە پێیان دەگوترێ (Fragments) یان (Fragmentation). وە باسیشمان کرد چۆن ئەم بۆشاییانە دەبنە هۆی هێواش کردنەوەی کۆمپیوتەرەکەمان. بۆ زاڵبون بەسەر ئەم کێشەیەدا بەرنامەسازان بەرنامەیەکیان درووست کردووە کە پێی دەگوترێت دیسک دیفراگمێنتە (Disk Defragmenter). بیرۆکەی ئەم بەرنامەیە و هاوشێوەکانی ئەوەیە کە هەموو فایلەکان بگوازێتەوە و شوێن گۆڕکێیان پێ بکات بەشێوەیەک هەر فایلێک لەسەر بەش (Sector) و بازنەی (Track) یەک لە دوای یەک بن. کە ئەمەش وا دەکات ئاسانتر و خێراتر زانیارییەکان بخوێندرێنەوە.

چۆن هاردەکەم دیفراگمێنت بکەم؟

ئاسای لەسەر هەموو کۆمپیوتەرێک کە سیستەمی وەگەرخەری ویندۆسی لەسەر بێ ئەم بەرنامەیە هەیە. بۆ کردنەوە بڕۆ بۆ:

Start -> All Programs -> Accessories -> System Tools -> Disk Defragmenter

disk defragmenter

تێبینی: پێش دەسپێکردنی ئەم بەرنامەیە پێویستە هەموو بەرنامەکان دابخەی.


سەرچاوە:

howstuffworks.com
bleepingcomputer.com
en.wikipedia.org

 


مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢