بەکارهێنانی لەیزەر بۆ زانینی شۆفێری سەرخۆش

نوسراوە لە لایەن سەپان. بڵاوکراوەتەوە لە بلۆگ

Laser Detection Drunk Drivers

پش داهێنانی رادار، پۆلیسی هاتووچۆ تەنها بەسەیرکردن دەیتوانی بزانێ کام ئۆتۆمبیل خێرا رۆیشتووە. بەهەمان شێوە بۆ زانینی شۆفێری سەرخۆشیش، پشت دەبەسترا بە بۆنکردن یان ئەو ئامێرانەی دواتر پەیدا بوون.

 توێژەران لە زانکۆی سەربازی تەکنەلۆجیا لە ووڵاتی پۆلەند ئەوەیان دەرخست کە چۆن دەتوانرێ بە بەکارهێنانی گورزەی بەهێزی ڕوناکی بوونی کهول بدۆزرێتەوە لەو ئۆتۆمبیلانەی کە بە شەقامدا دەرۆن.

زانایان ڕێگەیەکیان بەکارهێناوە کە پێشتر بەکاردەهێندرا بۆ دۆزینەوەی ماددەی مەترسیدار و تەقەمەنی لەدوورەوە.

ئەم سیستەمەش بەم شێوەیە ئیش دەکات: تیشکی لەیزەرەکە بەناو پەنجەرەی ئۆتۆمبیلەکەدا رەت دەبێ و بەر ئاوێنەری لایەکەی تری ئۆتۆمبیلەکە دەکەوێت. دواتر تیشکەکە دووبارە دەگەرێتەوە بۆ فۆتۆ دیتێکتەرێک (photodetector). لەکاتی بوونی هەڵمی کهولی لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا، لەدوای شیکردنەوەی تیشکە گەراوەکە، دەتوانرێ بزانرێ چەند لە گورزەی تیشکەکە لەلایەن هەلمی کهولەکەوە هەلمژراوە. بەمەش زانایان دەتوانن بە وردی ڕێژەی کهول لە هەوادا بزانن.

دواتر لەکاتی دۆزیینەوە کهول لە ئۆتۆمبیلەکەدا، ئەم سیستەمە وێنەیەکی ژمارەی ئۆتۆمبیلەکە دەنێرێ بۆ پۆلیس تا ئەوان بتوان دڵنیای بکەنەوە کەئاخۆ شۆفێرەکە سەرخۆشە یان نا. چونکە لەوانەیە ئەو هەڵمی کهولە لەکەسێکی تری ناو ئۆتمبیلەکەوە بێ نەک شۆفێر. یان لەوانەیە بەهۆی رژانی کهولەوە بێ لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا.

شتێکی تری جێی سەرنج ئەوەیە کە شۆفێری سەرخۆش دەتوانێ بە ئاسانی فێڵ لەو سیستەمە بکات ئەویش بۆ سوراندنی ئاوێنەکانی یان بە دانانی ماددەیەک لەسەر پەنجەرەی ئۆتۆمبیلەکە بۆ ڕێگرتن لە لەیزەرەکە. بەڵام لەم حاڵەتەشدا ئەم سیستەمە دەتوانێ پۆلیس ئاگادار بکاتەوە کە شوفێرێک دەیەوە سەرپێچی سیستەمەکە بکات.

لە ئیستادا زانایانی ئەم پرۆژەیە سەرقالی ئەوەن کە چاکزانی لەم تەکنەلۆژیایەدا بکەن و دواتر بینێرنە بازارەکانەوە.

سەرچاوە: International Society for Optics and Photonics

مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە © ٢٠١٢